چەند رێگایەك بۆ كەمكردنەوەی ئێشی ددان



هەموو مرۆڤەكان بۆ جارێك لە تەمەنیان روبەڕووی دان ئێشە دەبنەوە، ئێشێكی توند و رەقە و دۆخی تەندروستی و دەروونی كەسەكە دەشێوێنێت، ئێشی ددان كاتێك دروست دەبێت ددانەكە كلۆر بووبێت و كلۆرییەكە گەشتبێتە سەر دەماری هەستیاری ناو ددانەكە، ئەوكات بەهۆی بەكتریای ناو دەم و كۆبوونەوەی خواردن و دواتر گەنینی لە ناو كلۆرییەكەدا، ددانەكە هەو دەكات و ئازارێكی توند پەیدا دەكات، یان هەندێك جار راستەوخۆ خواردن بەر دەماری هەستیاری ناو ددانەكە دەكەوێت و بزیسكەی ئێشێكی بەهێز دایدەگرێت.
هەر كەسێك تووشی دان ئێشەی لە پڕ هات، دەتوانێت سوود لەم چارەسەرە كاتییانە وەربگرێت:

1. گیراوەی خوێ: كەمێك خوێ لەگەڵ كوپێك ئاوی گەرم تێكەڵ بكەن و لە دەمتاندا غەر غەرەی پێ بكەن و چەند خولەكێك دووبارەی بكەنەوە.

2. مێخەك: دانانی دەنكە مێخەكێك لەسەر شوێنی ئازارەكە بۆ نەهێشتنی، هەروەها مێخەك توانای هەڵمژینی هەوی ددانە كلۆرەكەی هەیە.

3. جاترە (هەزبێلە): جاترە ئەو گیا وشكەیە كە دەكرێتە نێو خواردن بۆ خۆشكردنی تامەكەی، كەمێك جاترە لەگەڵ كەمێك زەیتی زەیتون تێكەڵ بكەن بە پارچە لۆكەیەك لەسەر شوێنی ئازاری دابنێن.

4. سركەی سێو: لۆكەیەك بە سركەی سێو تەڕ بكەن و لەسەر شوێنی ئازاری دابنێن.

5. سیر: یەك دانە سیری وردكراو لەسەر شوێنی ئازار دابنێن.

6. گەڵای نەعنا: چەند گەڵایەك لە نەعنای تازە بەسودە بۆ چارەسەر كردنی ئازاری ددان، نەعنای وشك كراوەش دەتوانن بەكار بێنن.

7. پارچەی سەهۆڵ: دەتوانن پارچە سەهۆڵێكی بچوك لەسەر شوێنی ئازاری دابنێن.

8. تڵپە چای: تڵپە چای یارمەتی نەهێشتنی ئازار ددان دەدات ئەگەر لە شوێنی ئازارەكە دانرا.

جگە لەمانەش دەتوانن سوود لە دەرمانی ئازارشكێن و بەنجی دان ئێشە وەربگرن تا ئەو كاتەی دەچنە لای دكتۆری ددان و بڕیار لە سەر هێشتنەوە یان هەڵكێشانی ددانە خراپبووەكە دەدەن.